|
Kurdish Civil Disobedience Manual |
|
|
by Per Herngren © ڕێنوێنی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی
Per Herngren په‌ر هه‌رنگرێن
وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردنی: سیاوه‌ش گۆده‌رزی
پێرست سه‌ره‌تا چه‌ند سه‌رنجێکی پێویست پێشه‌کی نووسه‌ر به‌شی یه‌که‌م خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی چییه؟ به‌شی دووه‌م هاوبه‌شییه‌تی له به‌رهه‌ڵستکاری به‌شی سێهه‌م زمانی به‌رهه‌ڵستکاری به‌شی چواره‌م ده‌نگی به‌رهه‌ڵستكاری به‌شی پێنجه‌م دیالۆگی به‌رهه‌ڵستکاری به‌شی شه‌شه‌م هێزی به‌رهه‌ڵستکاری به‌شی حه‌وته‌م بنه‌ماکانی به‌رهه‌ڵستکاری سه‌رچاوه‌کان پاشکۆ په‌ر هه‌رنگرێن کێیه؟
سه‌ره‌تا
چه‌ند سه‌رنجێکی پێویست: - به‌و پێیه كه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هێشتا له كوردستاندا دیارده‌یه‌كی به ته‌واوی نوێیه‌و به تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م شێوازه خه‌باته له كوردستاندا، گرینگه ئاوڕێكی قووڵ له‌م شێوه خه‌باته بدرێته‌وه. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی چییه؟ چۆن پێناسه ده‌كرێ و چون و له چ هه‌لوومه‌رجێكدا به‌كار ده‌برێ، پرسگه‌لێكی گرینگن كه خه‌باتگێڕی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی سویدی، په‌ر هه‌رنگرێن Per Herngren به پێی ئه‌زموونه پڕبایه‌خه‌كانی خۆی له‌م كتێبه‌دا وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه. هه‌رنگرێن له‌م كتێبه‌دا نیشانده‌دا كه چۆن خه‌باتگێڕانی نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بییه‌کان، فیمینیست، پاسیفیست، لیبراڵ و ئانارشیسته‌كان پێكه‌وه‌و به‌هاوكاری و هاوئاهه‌نگی یه‌كتری شێوه خه‌باتێكی نوێیان بۆ وه‌دیهێنانی جیهانێكی باشتر و یه‌كسانتر وه‌ڕێخستووه. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی دیالۆگێك پێكدێنێ كه ئامانجه‌كه‌ی قایمتركردنی دیمۆكراسییه له هه‌ر هه‌لوومه‌رجێک و له هه‌ر وڵاتێکی ئه‌م جیهانه پان و به‌رین و پێچه‌ڵپێچه‌دا و یه‌کیش له‌وان کوردستان.
- به‌شه هه‌وه‌ڵه‌کانی ئه‌م کتێبه ده‌قاوده‌ق و بێ که‌م و زیاد وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام له به‌شه‌کانی دواییدا به ڕاگۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ نووسه‌ری کتێبه‌که، زۆر پاراگراف و هێندێک جاریش چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك که به پێویستم نه‌زانیووه، وه‌رنه‌گێڕدراوه. بۆ نموونه به‌شێک له كتێبه‌كه كه بۆ كێشه‌ی په‌نابه‌ران و شاردنه‌وه‌ی ئه‌وان له سوید و ڕۆژئاوا له ژێر سه‌ردێڕی "پشتگیری كردنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه خۆیان شاردۆ‌ته‌وه" ته‌رخان كرابوو، لابردراوه.
- وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه پێشکه‌شه به ئازیزان: شنه (نه‌سرین شاکه‌لی)، سۆما و هه‌ناو. سپاس بۆ ئێوه که به‌شێک له کاتی خۆتان له کاتی وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه‌دا بۆ من و بۆ ئه‌م کتێبه ته‌رخان کرد.
- سپاس بۆ کاک حامیدی دروودی بۆ مونتاژ و بڕه ورده‌کارییه‌کی ته‌کنیکی دیکه.
پێشه‌کی نووسه‌ر،
تایبه‌ت به وه‌رگێڕانی کوردیی ئه‌م کتێبه: زۆر خۆشحاڵم که کتێبه‌که‌م وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی کوردی. به‌شێکی زۆر له ده‌راوسێ و دۆسته‌کانم کوردن، من هه‌موو ساڵێک له جێژنی نه‌ورۆزی کوردان له گه‌ڕه‌کی هامارکوله له شاری گوته‌بۆ‌رگ به‌شدار ده‌بم. چه‌ند ساڵ له مه‌وبه‌ر له‌و خانووه کۆلێکتیڤه‌ی که من تێیدا ده‌ژیم، کوردێکی په‌ناخواز خۆی حه‌شار دابوو. من له بیرمه که ئه‌و چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌نجڕاکێشی له په‌یوه‌ندی نێوان کاری خه‌باتی نافه‌رمانی ئێمه و خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورد خسته به‌ر باس. من پێشتر تێکه‌ڵاوییه‌کی وام له‌گه‌ڵ کورددا نه‌بوو. له کۆتایی هه‌شتاکاندا گرووپێکی پلاگبیلی، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که من تێیدا تێکۆشانم هه‌یه، له فڕۆکه‌خانه‌یه‌کدا له ئاڵمان فڕۆکه‌یه‌کی شه‌ڕکه‌ر که به تورکیا فرۆشرابوو، به چه‌کوشه‌کانیان شکاند و له کاریان خست. ئه‌و فڕۆکه‌یه ده‌چووه تورکیا و ئه‌رته‌ش له دژی کوردان به‌کاری دێنا. ئامانجی ئێمه له تێکشکاندنی ئه‌و فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره ئه‌وه بوو که پشتگری خۆمان بۆ کوردان ده‌رببڕین.
له ئه‌زموونی مهاتما گاندی ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که خه‌باتی ناتووندووتیژی و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شیانی ئه‌وه دێنێته گۆڕێ که دیالۆگ و پێکه‌وه‌دانیشتن له نێوان دژبه‌ره‌کان، له نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و له نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات پێک‌بێت. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی دژ به سه‌رکوت و بنده‌ستی گه‌لێک به‌و مانایه نییه که جیاوازی له نێوان مرۆڤه‌کاندا درووست بکات به‌ڵکوو به‌و مانایه‌یه که پردێک له‌نێوان ئه‌واندا بۆ ڕێکه‌وتن و پێکه‌وه‌ژیان درووست ده‌کات.
بۆ ئه‌وه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بتوانێ ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێ، ده‌بێ به‌پێی بۆچوونه‌کانی مهاتما گاندی خه‌باتی ناتووندوتیژێ به‌رده‌وام له گۆڕان و خۆنوێکردنه‌وه‌دا بێت. خه‌باتی ناتووندووتیژی ز‌نجیرێک له شێوازه جیاوازه‌کانی خه‌بات پێکه‌وه گرێ ده‌دا که مرۆڤه‌کان کۆمه‌ڵگایه‌ک پێکدێنن، که له‌ودا بتوانن به خۆشی و ئارامی تێیدا بژین. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ته‌نیا ئه‌وه نییه وه‌ک چۆن له کتێبه مێژووییه‌کاندا باسی کراوه، موو به موو ڕه‌چاو بکرێ، به‌ڵکوو خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی پێویسته دایم له گۆڕاندابێت و خۆی له‌گه‌ڵ کێشه نوێیه‌کان و مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌م بساچێنێ.
شێوازی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی حه‌تمه‌ن ده‌بێ له‌گه‌ڵ شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌بات تێکه‌ڵ بکرێ. که ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕی و هاوکات فه‌رمانبه‌ریش بکه‌ی، پرسگرێک له خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا چاره‌سه‌ر نابێ. هاوکاتیش ئه‌گه‌ر بێتوو ته‌نیا به‌رهه‌ڵستکاری و نافه‌رمانی بکه‌ی و له زۆر شێوازی دیکه‌ی سیاسی که‌ڵک وه‌رنه‌گری، ئه‌وه خه‌بات ده‌بێته یه‌کلایه‌نه. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ته‌نیا یه‌کێک له شێوازه‌کانی گاریگه‌ره بۆ کارکردن بۆ پێکهێنانی ئاڵووگۆڕی سیاسی. هێز و وزه‌ی سیاسی له‌وه‌دا ده‌بێ که له ڕاستیدا خه‌باتی ڕزگاریخوازی ده‌یهه‌وێ و ده‌توانێ به پێی کامه شه‌رت و مه‌رجی کۆمه‌ڵگا خۆی ڕێکبخا، له کاتێکدا هاوکات له دژی سه‌رکوتی ئینسانه‌کان نافه‌رمانی ده‌کا. هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه ده‌کرێ وه‌ک ئامراز و که‌ره‌سته‌ی ئازادی که‌ڵکیان لێوه‌ربگیرێ. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه که ته‌نیا به شێوه‌ی به‌رهه‌ڵستکاری ئازادی وه‌دیبهێندرێ.
خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئاسانه وه‌ک ئه‌وه وایه فێری هه‌ڵپه‌رکێیه‌ک یان لێدانی ئامرازێکی نوێی موسیقا بیت. ده‌بێ ڕاهێنانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بکرێ، زۆر شێوازی ته‌کنیکی جۆراوجۆری به‌رهه‌ڵستکاری پرۆڤه بکرێ. له هه‌ڵه‌کان، ئه‌زموون وه‌ربگیردرێ و له مه‌یدانی خه‌باتدا قاڵ ببی، پرۆڤه‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بکرێ و دیسان سه‌رله‌نوێ ڕاهێنان بکرێ و هه‌مدیسان بکرێ. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له خۆیدا پراکسیسێکه که دوای ماوه‌یه‌ک له له‌شدا جێگر ده‌بێ و فێری ده‌بی. دواتر هه‌روه‌ک هه‌ڵپه‌رکێ خۆش و له به‌ر دڵان ده‌نیشێ.
هه‌میشه ریسک یان مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که "کوردان" له خه‌باتی خۆیاندا "خۆپیشاندان" و "ناڕه‌زایه‌تی" که له ئه‌مریکا و ئوروپا زۆر باوی هه‌یه، کۆپی بکه‌ن و ده‌قاوده‌ق به کاری ببه‌ن. ناڕه‌زایه‌تی له خۆیدا به ئاسانی له "ناگوتن" و لایه‌نی نیگه‌تیڤ ده‌چه‌قێ. له باتی ته‌نیا ناڕه‌زایه‌تی، ده‌بێ ئافڕاندن بکرێ و خه‌باتی ڕزگاریخوازی به‌ره‌وپێش ببرێ. ئێمه ده‌بێ له باتی ته‌نیا "نا گوتن"، خوڵقێنه‌ر و داهێنه‌ریش بین. ئه‌مه له خۆیدا به‌شێوه‌یه‌کی دوولایی یان پارادۆکس به‌و مانایه‌یه که زۆر که‌س تووشی گرتن و زیندان ده‌بن. له حاڵه‌تی وادا ده‌بێ ئاماده‌کاری بۆ خه‌باتی نێو زیندان بکرێ، له زیندان وه‌ک ئامرازێک بۆ باسی ماف و ئازادی که‌ڵک وه‌رگیرێت. هاوکات زیندان بکرێته شوێنێک بۆ گوڕدان به خه‌باتی ڕزگاریخوازی و وه‌به‌رنانی ژیانێکی نوێ به خه‌بات و به‌رهه‌ڵستکاری. له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له چۆنیه‌تی هه‌ڵسووکه‌تی لایه‌نی دژ که‌ڵک وه‌رده‌گیردرێ بۆ ئه‌وه وزه‌یه‌کی داهێنه‌رانه له به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستکاریدا چێ بکرێ.
بۆ نموونه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا کورده‌کان له ئێران زۆر به‌باشی له زیندان که‌ڵکیان وه‌رگرتووه‌و له ڕاستیدا زیندان وزه‌و توانایه‌کی نوێی به خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورده‌کان داوه. خه‌باتی ڕزگاریخوازی به‌وه هه‌ره‌س ناهێنێ که تێکۆشه‌ران بگیردرێن به‌ڵکوو خه‌بات کاتێک هه‌ره‌س دێنی که ئێمه ببه‌زین و مل بۆ بڕیاره‌کانی دژبه‌ر نه‌وی بکه‌ین. کاتێک ئێمه فه‌رمانبه‌ری بکه‌ین ڕاست ئه‌و کاته‌یه که ئێمه‌سه‌رکوت ده‌کرێین.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه له خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا ئه‌وه‌یه که نابێ خه‌باتی ڕزگاریخوازی به مێدیاوه ببه‌سترێته‌وه. فه‌له‌ستینییه‌کان به پێچه‌وانه‌ی کورده‌کان له مێدیای ڕۆژئاوادا زۆر باسیان لێوه ده‌کرێ، ئه‌مه له‌خۆیدا به‌و مانایه نیه که هه‌موو جارێک له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه. ڕزگاری له سه‌ره‌وه‌ڕا وه‌ده‌ست نایه، نه له لایه‌ن مێدیا و نه له لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانه‌وه. ڕزگاری له خواره‌وه‌ڕا له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی دیکه له گرووپێکه‌وه بۆ گرووپێکی دیکه ده‌گوێزرێته‌وه. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی گرێ‌دراو له ته‌ک ناتوندوتیژی و دیالۆگ له‌و شێوازانه‌ی دیکه‌ی خه‌بات که دوژمنی قورس و قایم بۆ خۆ چێ ده‌کا، زۆر کاریگه‌رتره.
پرسگری کورد له‌خۆیدا دینامیک و ئه‌زموونی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه که ده‌کرێ و پێویسته له نوێبوونه‌وه‌و پێشوه‌چوونی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا له‌شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهان که‌ڵکی پڕبایه‌خی لێ وه‌ربگیردرێ.
به‌شی یه‌که‌م خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی چییه؟ پێناسه ئه‌خلاق دیمۆکراسی
خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی چییه؟ نافه‌رمانی شتێكی نوێ نییه. به‌ڵام نافه‌رمانی مه‌ده‌نی دیارده‌یه‌كی نوێیه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له خه‌باتی نافه‌رمانی وه‌ك شێوه‌یه‌ك له به‌رهه‌ڵستكاری بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه دیمۆكراتیكه‌كان له سوید له كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردوودا كه‌ڵك وه‌رگیراوه، به‌ڵام ئه‌م شێوه خه‌باته هه‌تا ده‌یه‌كانی 1980 كه جارێكی دیكه ئه‌م خه‌باته گه‌ڕایه‌وه گۆڕه‌پانی سوید، به شێوه‌یه‌ك له بیر كرابوو.
سه‌رچاوه‌ی بیری خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نووسه‌ری باكووری ئه‌مریكا، هێنڕی ده‌یڤید تۆرێئۆHenry David Thoreau . "من له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا هیچ چه‌شنه زه‌كاتێكی كه‌سییم نه‌دا". له به‌ر ئه‌وه‌ی تۆرێئۆ له‌وه به‌ئاگا بوو كه پاره‌ی ئه‌و زه‌كاته‌ی كه ئه‌و ده‌یدا له سه‌ركوتی ئیندیانه‌كان و هێرشه‌كانی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر مێكزیكۆ كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ، له دانی زه‌كات خۆی بوارد و هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه خرایه زیندان. "ئه‌و شه‌وه‌ی له زیندان مامه‌وه وه‌ك ئه‌وه وابوو توڕ بدرێمه دووره وڵاتێكه‌وه كه قه‌د چاوه‌ڕێی دیتنیم نه‌كردبوو". بۆ به‌یانییه‌كه‌ی كه‌سێكی نه‌ناسراو به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی تۆرێئۆ زه‌كاته‌كه‌ی ئه‌وی دا. پاش ئه‌وه‌ی نانی به‌یانییه‌كه‌ی كه بریتی بوو له كوته سه‌موونێكی ڕه‌ش و په‌رداخێكی شۆكلات كه له كونی ده‌ركه‌ی زیندانه‌كه‌یه‌وه بۆی خرایه ژووره‌وه، ئازاد كرا.
نه‌دان و سه‌رپێچی كردن له دانی زه‌كات بیرێكی نوێ نه‌بوو. هه‌ر له كۆنه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به ئابولیسیۆنیسته‌كان Abolitionist ده‌ناساند و له دژی به‌رده‌داری خه‌باتیان ده‌كرد، وه‌ك شێوه خه‌باتێك به‌كار بردراوه. له شۆڕشی ساڵی 1848 له ئوروپا كارل ماركس هه‌وڵی دا خه‌ڵك له نێو كامپانیای نه‌دانی زه‌كات به حكوومه‌تی ئاڵمان ڕێكبخا.
پاكژی و ڕه‌سه‌نی هزری تۆرێئۆ له‌وه‌دا بوو كه ئه‌و پێی وابوو، جه‌زا له خۆیدا به‌شێكی گرینگه له كرده‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری. ئه‌و له كتێبێكدا به‌ناوی "سه‌باره‌ت به به‌رهه‌ڵستكاری مه‌ده‌نی" كه ئێستا له ڕیزی كتێبه كلاسیكه‌كاندا ده‌ژمێردرێ و له ساڵی 1849 بۆ یه‌كه‌م جار چاپ كرا، به‌رگری له بۆچوونه‌كانی خۆی كرد.
لای تۆرێئۆ سزا له خۆیدا هه‌ر وه‌ك تاوانی یاسایی له نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا گرینگ بوو. یانێ سزا و تاوانی یاسایی دوو به‌شی هه‌ره‌گرینگی پێكهاته‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بوون. هه‌ر بۆیه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی كرده‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكاریه.
لای كه‌سانی دیكه چه‌مكی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی مانای دیكه‌و به‌ربڵاوتری هه‌یه. خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌موو شێوه‌كانی نایاسایی به‌رهه‌ڵستكاری ئاشتیخوازانه وه‌به‌ر ده‌گرێ. به‌ڵام تۆرێئۆ له كتێبه‌كه‌یدا قامك له‌سه‌ر خاڵێكی یه‌كجار گرینگ داده‌نێ و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه جه‌زا له خۆیدا بنه‌مای خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی پێكدێنێ. ئه‌و پێیوایه ئه‌و كه‌سه‌ی له به‌ر به‌رهه‌ڵستكاری زیندانی ده‌كرێ، كرده‌وه‌كه‌ی زۆر كاریگه‌رتره له‌و كه‌سه‌ی كه شێوه‌ی به‌رهه‌ڵستكارییه‌كه‌ی زیندانی به‌دوادا نایه‌ت.
تۆرێئۆ پێیوابوو حكوومه‌ت له خۆیدا مه‌ترسیدار نییه. مه‌ترسی و كێشه‌كه له هاوكاری و فه‌رمانبه‌ری هاووڵاتییه‌كانی ژێر فه‌رمانبه‌ری ئه‌و حكوومه‌ته دایه. هه‌روه‌ها گاندیش ئاماژه به‌وه ده‌كا كه ده‌سته‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ستراوه‌ته‌وه به هاوكاری و فه‌رمانبه‌ری ته‌واوه‌تی هاووڵاتیان. " ئه‌گه‌ر ته‌نیا خه‌ڵك تێگه‌یشتبان كه فه‌رمانبه‌ری یاسا ناڕه‌واكان كارێكی نامرۆڤانه‌یه، ئه‌وه كامه ملهۆڕ و دیكتاتۆر هه‌یه نه‌یده‌توانی زۆڵم و زۆر له‌وان بكا".
لایه‌نێكی دیكه‌ی پاكژی و خاوێنی بیری تۆرێئۆ ئه‌وه بوو، ئه‌و به‌رهه‌ڵستكارییه‌ی كه ئه‌و له دژی كرده‌وه ناحه‌قه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌ی پێده‌كرد، پێش له هه‌موو شتێك له دژی خودی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، به‌ڵكوو له دژی ئه‌و هاووڵاتیانه بوو كه له ده‌وڵه‌ت و بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت فه‌رمانبه‌ریان ده‌كرد. هه‌ربۆیه له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا گرینگ‌ترین دژبه‌ر هاووڵاتییانی سه‌ربۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ویكه‌رن نه‌ك ده‌وڵه‌ت.
"قایمترین كۆڵه‌كه‌ی ناحه‌قی" و "گرینگ‌ترین كۆسپ له‌به‌رده‌م ئاڵووگۆڕدا" ئه‌و ئینسانانه‌ن كه سه‌ره‌ڕای ناڕازی بوون و دژبه‌ری له باری بیروڕاوه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت هێشتا فه‌رمانبه‌ری ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تدا سه‌ر نه‌وی ده‌كه‌ن. [تۆرێئۆ] له‌و بڕاویه‌دا بوو، ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له باری بیره‌وه له دژی حكوومه‌ت بوون، هاتبا و دژبه‌ری و به‌رهه‌ڵستكارییه‌كه‌یان بخستابایه‌ته بواری كرده‌وه‌وه، ئه‌وه ده‌توانرا پێش به به‌رده‌داری و شه‌ڕ بگیردرێ.
به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی ئێمه فه‌رمانبه‌ری ده‌كه‌ین و به‌رهه‌ڵستكارییه‌كانمان پراكتیزه ناكه‌ین. ڕاست هه‌ر لێره‌شدایه كه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی مانا ده‌دا. ئه‌گه‌ر ئێمه بێن و ئاكامی نافه‌رمانی په‌سه‌ند بكه‌ین ئه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه خه‌ڵكێكی زۆرتر بۆ په‌سه‌ند نه‌كردن و لادان له یاسا و بڕیاره ناحه‌قه‌كان هان بدرێن. له نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا ئه‌وه ده‌خرێته ڕوو كه یه‌كێك له كۆسپه‌كانی به‌رده‌م وه‌دیهاتنی مافی وه‌یكه‌كی و یه‌كسانی، ترس له ئاكامه كه‌سییه‌كانی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه.
پێناسه‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی: نافه‌رمانی مه‌ده‌نی وه‌ك ترادیسیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تۆرێئۆ و گاندی: 1. نافه‌رمانی مه‌ده‌نی كرده‌وه‌یه‌كی كراوه‌ی فه‌رمییه 2. كه له سه‌ر بنه‌مای به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی دامه‌زراوه. 3. كرده‌وه‌ی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی، كرده‌وه‌یه‌كی نایاساییه كه له‌ودا یاسایه‌ك، فه‌رمانێك یان بڕیارێك له ژێر پێ ده‌خرێ. 4. ئامانج له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی، ئامانجێكی گشتی كۆمه‌ڵگایی یان كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقییه. 5. له نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا وه‌ئه‌ستۆ گرتن و په‌سه‌ندی ئاكامه كه‌سییه‌كان یه‌كجار گرینگ و پڕ بایه‌خه‌ن.
مه‌ده‌نی یانێ هاووڵاتییه‌تی. له ئه‌ده‌بیاتی بزووتنه‌وه‌ی به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژیدا وشه‌ی مه‌ده‌نی وه‌ك دژ و پێچه‌وانه‌ی توندوتیژی به‌كار ده‌برێ. ئه‌وانه‌ی كه كرده‌وه‌ی له ژێرپێنانی یاسا به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن له هه‌مانكاتدا مۆدێڕن و پێشكه‌وتوون یان به‌واتایه‌كی دیكه ئینسانانه ڕێز له دژبه‌ره‌رانی خۆیان ده‌گرن. دژبه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كرده‌وه‌كه‌ی له دژ ئه‌نجام ده‌درێ له هه‌مانكاتدا وه‌ك لایه‌نی وتووێژ و گفتۆگۆش چاوی لێده‌كرێ. ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له ژێر ئاكامی كاره‌كه‌یان چ ده‌بێ با ببێ هه‌ڵ نایه‌ن. نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئه‌وه نییه كه له تاریكای شه‌و كه‌ڵك وه‌رگری و بۆ نموونه له سه‌ر بینای تاقیگایه‌ك كه ڕه‌نگه ئاژه‌ڵی تێدا ئازار بدرێت، په‌یامێكی شاره‌وه بنووسی.
ڕاسته نافه‌رمانی یانێ له ژێر پێنانی یاسایه‌ك به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا بریتییه له فه‌رمانبه‌ری له یاسایه‌كی دیكه. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا نافه‌رمانی مارتین لوتێركین و بزووتنه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌تی له باكووری ئا‌مریكا له دژی یاسا ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌كانی حكوومه‌ته هه‌رێمییه‌كان نموونه‌یه‌كی باشه. زۆر جار كرده‌وه نافه‌رمانییه‌كانی ئه‌وان له هه‌مانكاتدا به مانای جێبه‌جێكردنی یاساكانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی یان فیدراڵی ئا‌مریكا بوو.
هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیل Plogbill بزووتنه‌وه‌یه‌كی كریستیانییه كه له ساڵی 1980 له ئه‌مریكا درووست بووه. پلاگبیل وشه‌یه‌كه له ئه‌نجیله‌وه وه‌رگیراوه. دوای هه‌ڵمه‌ت له دژی كارگه‌ی چه‌كسازی له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیل، له كاتی مه‌حكه‌مه كردنماندا ئه‌وه‌مان وه‌بیر خسته‌وه كه چه‌كی كارلگوستاڤ Carlgustaf به‌و وڵاتانه فرۆشراوه كه قه‌ڵاچۆ و كۆمه‌ڵكوژییان تێدا ئه‌نجام دراوه، هه‌ربۆیه ئه‌وه له دژی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان بووه. كه‌واته ئێمه به پێی پرینسیپه‌كانی نورێنبه‌رگ Nurnberg بۆمان هه‌بووه به‌رهه‌ڵستكاری خۆمان نیشان بده‌ین. كاتێك كرده‌وه‌ی قه‌ڵاچۆ له پانتاییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌نجام ده‌درێ ئه‌وه له خۆیدا تاوانه ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان له‌و قانوونه نه‌ته‌وه‌ییه له وڵاتی خۆیاندا فه‌رمانبه‌ری بكه‌ن كه ڕێگه بۆ ئه‌و قه‌ڵاچۆ له (وڵاتی دیكه‌دا) خۆش ده‌كا و كۆمه‌ڵكوژی ده‌پارێزێ.
نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌میشه وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی سیاسی چاوی لێده‌كرێ. كرده‌وه‌یه‌ك كه له سه‌ره‌وه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی ئه‌نجامده‌رانه‌وه ڕاده‌وه‌ستێ. ئامانج له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگادا ڕاست بكرێته‌وه یان ببێته هۆی چێكردنی بزووتنه‌وه‌یه‌ك بۆ پێكهێنانی ئاڵووگۆڕی بنچینه‌یی فره‌تر. نافه‌رمانی مه‌ده‌نی په‌یوه‌ندی به ئایدۆلۆژیای چه‌پ و ڕاسته‌وه نییه‌و هه‌ردووك باڵی ئایدۆلۆژی ده‌یكه‌ن.
نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌م تاك ده‌توانێ بیكا و هه‌م كۆمه‌ڵه و گرووپ. كۆمۆنه‌كانی هه‌رێمه نیمچه سه‌ربه‌خۆكان له سوید كاتی خۆی بۆ پێكهێنانی ناوچه‌ی ئازاد و دوور له چه‌كی ناوكی له دژی خودی ده‌وڵه‌تی سوید و هه‌روه‌ها له كاتی بایكۆته‌كان له دژی ئه‌فریقای باشوور له سه‌رده‌می ئاپارتایددا له خه‌باتی مه‌ده‌نی كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه. ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌ندام له یه‌كیه‌تی ئوروپادا له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له دژی یه‌كیه‌تی ئوروپا كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
نێوه‌رۆك و مانای وشه‌كانی وه‌ك "گوێ پێنه‌دانی مه‌ده‌نی"، "پشتگوێ خستنی هاووڵاتییانه" و "فه‌رمانبه‌ری له ویژدان" زۆر نزیكی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه. وشه‌ی "فه‌رمانبه‌ری پیرۆز یان خودایی" له لایه‌ن كۆمه‌ڵه مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه به‌كار ده‌برێ. له ماوه‌یه‌كی دوورودرێژدا "به‌رهه‌ڵستكاری مه‌ده‌نی" هاومانا بوو له‌گه‌ڵ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی. به‌ڵام ئیمڕۆكه له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی زیاتر له كاتی شه‌ڕ و به‌رهه‌ڵستكاری له دژی داگیركه‌ریدا كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیردرێ و به‌كارده‌برێ.
مه‌سه‌له‌یه‌كی باڵكێش له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌و باوه‌ڕه‌دان كه هه‌موو چه‌شنه خه‌باتێكی ناچه‌كداری ده‌كرێ وه‌ك نافه‌رمانی مه‌ده‌نی پێناسه بكرێ. بۆ خه‌باتگێرێكی ئاشتیخوازی وه‌ك تۆرێئۆ به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی بنه‌مای خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی پێكدێنا. له سه‌ره‌تاوه گاندی چه‌مكی "به‌رهه‌ڵستكاری پاسیڤ" كه هه‌تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مان مانای "به‌رهه‌ڵستكاری ناتوندوتیژی" ده‌دا، به‌كار ده‌برد. ئیمڕۆكه به‌كارهێنانی وشه‌ی پاسیڤ زۆر خه‌ڵكییانه (پپولار) نییه، چوونكه زۆر جار مانای هه‌ڵه و به‌پێچه‌وانه‌ی له په‌یوه‌ندی جۆراوجۆردا لێده‌كرێ.
به‌رهه‌ڵستكاری یانێ نافه‌رمانی یان خۆبواردن. به‌رهه‌ڵستكاری له خۆیدا وشه‌یه‌كی به‌ربڵاوه كه ده‌كرێ هه‌ر له به‌رهه‌ڵستكاری چه‌كدارییه‌وه هه‌تا ئه‌وه منداڵێك له‌خواردنه‌كه‌ی مان ده‌گرێ و به‌رهه‌ڵستكاری ده‌كا، مانا بدا‌و به‌كار ببرێ. كه‌س ناڵێ به‌رهه‌ڵستكاری هه‌موو كاتێك و "له هه‌موو شێوه‌یه‌كدا" باشه. به‌رهه‌ڵستكاری ده‌توانێ ڕۆخێنه‌ریش بێ. ته‌نانه‌ت نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژیش پێویست ناكا هه‌موو كاتێك پوزه‌تیف بێت.
هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆ: هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی جیاوازی هه‌یه. هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆ هه‌وڵێكه كه له‌ودا [هه‌ڵمه‌تبه‌ر] ده‌یهه‌وێ ڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ست و ئامانجی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی وه‌دیبێنێ. به‌پێچه‌وانه له نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا، بۆ گه‌یشتن به بڕیارێكی نوێ، فه‌رمانبه‌ران بۆ نافه‌رمانی هان ده‌درێن. به‌ته‌واوه‌تی له جێگه‌ی خۆیدایه بگوترێ كه نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌میشه‌و هه‌موو كاتێك باشترین شێوه‌ی خه‌بات نییه. به كورتی و سانایی ده‌كرێ بگوترێ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شێوازێكی به‌رهه‌ڵستكارییه كه له هه‌ڵكه‌وته و شوێنی مێژوویی تایبه‌ت به‌خۆیدا بۆ گه‌یشتن به هێندێك ئامانجی تایبه‌تی كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گێرێ. هه‌ر بۆیه هێندێك جار هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆ ده‌كرێ شێوازێكی به‌رهه‌ڵستكاری باشتر له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بێت. هێندێك جاریش ده‌كرێ ئه‌م دوو شێوازی خه‌باته تێكه‌ڵ به یه‌كتری بكرێ و پێكه‌وه كه‌ڵكیان لێوه‌ربگیردێ.
له هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆدا، ئامانج له خۆیدا ده‌بێته ئامراز. یانێ ڕاست ئه‌و شته ده‌كرێ، كه مرۆڤ ئامانجیه‌تی و ده‌یهه‌وێ بیكا. كاتێك بزووتنه‌وه‌ی ئاشتی له ساڵی 1983دا، لێبڕاوانه له دژی فرۆشتن و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی چه‌ك خه‌باتی ده‌ستپێكرد، ئێمه كۆمه‌ڵێكی ناڕێك و پێكی له ده‌وری یه‌كتری كۆبووه‌وه‌ی خه‌باتگێڕی ڕێگای ئاشتی بووین كه توانیمان پێش به چوونی پاپۆڕێكی چه‌ك بگرین. به هۆی ئه‌وه‌ی كه توانیمان پاپۆڕێكی چه‌ك هه‌ڵگر بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك ڕابگرین ده‌مانه‌وه‌یست ئامانجی خۆمان ئاشكرا بكه‌ین یانێ ڕاوه‌ستانی ناردنی چه‌ك بۆ ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها هێندێك جار له هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆدا مه‌به‌ست ئه‌وه ده‌بێ كه هه‌ر له كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا، ئامانج وه‌دیبێت. ئه‌و بێ‌ماڵ و حاڵانه‌ی كه ده‌ست به‌سه‌ر خانوویه‌كدا ده‌گرن، ده‌یانهه‌وێ ڕاسته‌وخۆ ئامانجه‌كه‌یان كه په‌یدا كردنی شوێنی ژیانه وه‌دیبێنن. سرووشتییه كه وه‌دیهێنانی [ڕاسته‌وخۆی] ئامانج، بایه‌خێكی سیمبۆلیكی گه‌وره‌تری هه‌یه له‌وه كه كۆمه‌ڵێك ته‌نیا به شێوه‌یه‌كی كاتی گه‌یشتوونه‌ته ئامانجه‌كه‌یان.
هه‌ربۆیه كرده‌وه [به‌رهه‌ڵستكارییه‌كان] ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی له خه‌ونێكی ناڕیالیستی ده‌چن، ناكرێ فڕێ بدرێن. كردنه‌وه‌ی كامپانیایه‌كی چكۆڵه، نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆیه. له‌و كامپانیادا ده‌كرێ نه‌زمێكی ئابووری جیهانی له پانتاییه‌كی به‌رته‌سكدا درووست بكرێ كه له‌ودا ڕاسته‌وخۆ شتوومه‌ك له له شه‌ریكه چكۆڵه و خه‌ڵكییه‌كانی جیهانی سێهه‌م بكردڕێ و له ڕۆژئاوا بفرۆشرێ.
زۆربه‌ی هه‌ڵمه‌ته ڕاسته‌وخۆكان له به‌ر ئه‌وه‌ی شوێن له‌سه‌ر بڕیارده‌ران و هی دیكه داده‌نێن، ده‌توانن له خۆیاندا وه‌ك هه‌ڵمه‌تی ناڕاسته‌وخۆ و خاوه‌ن بایه‌خی سیمبۆلیك چاویان لێبكرێ. زۆر جاران مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و ئاكامه به‌هێزه‌یه كه دواتر و به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ وه‌دیدێ. له‌م ڕووه‌وه هه‌ڵمه‌تبه‌ران له هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆدا هه‌رچی پێویست بێ ده‌یكه‌ن و خۆیان نابوێرن هه‌تا بگه‌نه ئه‌و ئاكامه ناڕاسته‌وخۆیه‌ی كه ئه‌وان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.
له هه‌ڵمه‌ته سیمبۆلیكه‌كاندا ده‌رگای ئه‌وه داناخرێ كه وزه و توانا سیمبۆلیكه‌كان وه‌كار نه‌خرێن. كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ژنان به‌ناوی سیدس ئاف هاوپ Seeds of Hope ده‌یانه‌ویست ته‌یاره‌ی هاو Haw كه به وڵاتی ئیندۆنیزیا فرۆشرابوو، له‌كار بخه‌ن. گرفتی ئه‌وان له‌وه‌دا بوو كه ئامرازی پێویستیان بۆ بێكه‌ڵك كردنی چه‌كێكی وا پڕمه‌ترسی كه به‌و زووانه قه‌رار بوو به هۆی ئه‌و ته‌یاره‌وه بنێردرێ و دواتر له ئیندۆنێزیا كه‌ڵكی لێوه‌ربگیردرێ له هه‌وێڵدا نه‌بوو، هه‌ر بۆیه ئه‌وان به‌هۆی چه‌كوشه‌وه چه‌كه‌كه نا، به‌ڵكوو خودی ته‌یاره‌ی هه‌ڵگری چه‌كه‌كه‌یان له كار خست. ئه‌وان به‌م كاره‌یا‌ن ده‌یانه‌ویست بسه‌لمێنن كه پێشیان به ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی گرتووه.
ژماره‌یه‌ك گرووپی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیل پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردبوو كه ده‌كرێ چه‌كێكی له كار نه‌خراو له شوێنێك دابنرێ هه‌تا كه‌سانی دیكه ناچار ببن كه بۆ خۆیان چه‌كه‌كه بێكه‌ڵك و له‌كار بخه‌ن. چوونكه ئه‌گه‌ر وانه‌كرێ ئه‌وه هاووڵاتیانی دیكه واده‌زانن كه ده‌بێ هه‌موو كاتێك گرووپێكی وه‌ك پلاگبیل ده‌بێ بێ و ئه‌و كارانه بكا و ئه‌ركی له‌و بابه‌ته‌وه وه‌ئه‌ستۆ بگرن.
له كۆتای ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان له سوید ناكۆكییه‌ك كه‌وته نێوان ئه‌وانه‌ی كه لایه‌نگری به‌كارهێنانی هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆی فیزیكی بوون و ئه‌وانه‌ی كه لایه‌نگری نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ناڕاسته‌وخۆ بوون. هه‌مان گفتۆگۆ و ناكۆكیش هه‌روه‌ها له نێو [خه‌باتگێڕانی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی] له شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئوروپا ده‌بینرێ. دووه‌مین گرووپی ژنان له نێو بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیلی ئوروپایی به ناوی " ئاخره‌كه‌ی ژیان هه‌ڵبژێره" له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون كه هه‌وڵی "به‌رهه‌ڵستكاری كاریگه‌ری فیزیكی" ده‌بێته هۆی پێشبڕكێی هێزه‌كان له‌نێو یه‌ككتریدا. شتێك كه دواتر بوو به‌هۆی ڕه‌وینه‌وه‌و دووره‌په‌رێزی گرووپگه‌لێكی گه‌وره له نێو بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا. چوونكه به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی وه‌ك دیارده‌یه‌كی تایبه‌ت به ئیلیت لێی ده‌ڕواندرا. هه‌ربۆیه ئه‌وان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه له هه‌ڵمه‌ته‌كانیاندا لانیكه‌می داماڵین هه‌ڵبژێرن له به‌ر ئه‌وه‌ی تووشی لانیكه‌می سزاش ببن. ئه‌وان پێیان وابوو به‌و شێوه‌یه ده‌كرێ خه‌ڵكانێكی زۆرتر له هه‌ڵمه‌ته‌كاندا به‌شداری بكه‌ن.
لێره‌دا وادێته پێش چاو كه گرووپی "ئاخره‌كه‌ی ژیان هه‌ڵبژێره" و گرووپی سیدس ئاف هاوپ دوو ستراتیژی جیاواز و ده‌ژبه‌یه‌كیان هه‌ڵبژاردووه. به‌ڵام من له‌و بڕوایه‌دام كه ئه‌وان هه‌ر دووك یه‌ك ستراتیژی وه‌كیه‌كیان هه‌ڵبژاردووه. ئه‌وان هه‌ردووك بیریان له‌و په‌یامه كردۆته‌وه كه به هۆی هه‌ڵمه‌ته‌كانیانه‌وه ویستوویانه بیگه‌یه‌نن. ئه‌وان هه‌ردووك شێوازێكیان له هه‌ڵمه‌ت هه‌ڵبژاردووه كه له‌ودا توانیویانه زۆرترین هێز بۆ گه‌یاندنی ڕاست ئه‌و په‌یامه‌ی كه ویستوویانه بیگه‌یه‌نن، وه‌كار بێنن. هه‌ر دوو لایان بیریان له لانی زۆری باری سیمبۆلیكی هه‌ڵمه‌ته‌كان كردۆته‌وه. له‌ڕاستیدا هیچكام له‌و گرووپانه به‌ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیا نه‌بوون كه ئه‌وان به هۆی هه‌ڵمه‌ته فیزیكییه‌كانیانه‌وه گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌ر بۆیه به‌زۆری هه‌ڵمه‌ته‌كان ئاكامی ڕووه‌و ده‌ره‌وه‌یان هه‌بوو.
مه‌ترسییه‌ك كه له ئاكامی به‌رهه‌ڵستكاری كاریگه‌ری فیزیكییه‌وه دێته‌گۆڕێ ئه‌وه‌یه كه هێندێك جار ده‌بێته هۆی په‌شیمانی له ئاكامی شكان و به‌ئامانج نه‌گه‌یشتن. به‌رهه‌مه‌كه‌شی ڕه‌نگه به‌رهه‌ڵستكارییه‌كی تێكشكاوی ناپێویست و نابه‌جێ بۆ نموونه له دژی پۆلیس بێت. ئه‌مه له خۆیدا ڕووی خه‌بات و به‌رهه‌ڵستكارییه‌كه ناشیرین و بریندار ده‌كا.
هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆی ناتوندوتیژی كه ده‌یهه‌وێ له‌باری فیزیكییه‌وه پێش به كرده‌وه‌یه‌ك بگرێ له هێندێك هه‌لووبه‌رجی مێژوویی تایبه‌تدا ده‌توانرێ كه‌ڵكی لێوه‌ربگیردرێ. ئه‌گه‌ر هاتوو بزووتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده به‌هێز بوو كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی خه‌ڵكی له هه‌ڵمه‌ته‌كانیدا توانیان به‌شداری بكه‌ن، ئه‌وه گومان هه‌یه كه ده‌وڵه‌ت بیهه‌وێ به هۆی هێزه‌كانییه‌وه به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ بكا. هه‌ربۆیه ڕه‌نگه ده‌وڵه‌ت له باتی به‌كارهێنانی هێز ڕێگه‌ی گفتۆگۆ و وتووێژ هه‌ڵببژێرێ. بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌تێكی ڕاسته‌وخۆدا بتوانرێ بۆ نموونه پێش به ناردنه ده‌ره‌وه‌ی چه‌ك بگیردرێ، ڕه‌نگه پێویست بێ كه به هه‌زاران كه‌س له هه‌ڵمه‌تی كاریگه‌ری فیزیكی ڕاسته‌وخۆدا به‌شداری بكه‌ن. له هه‌لوومه‌رجێكی ئاوادا كه خه‌ڵكێكی زۆر له‌هه‌ڵمه‌ته‌كاندا به‌شداری ده‌كه‌ن ئه‌وه هه‌ڵمه‌تبه‌ران ده‌توانن هه‌روه‌ك سه‌ندیكایه‌كی كرێكاری له كاتی مانگرتندا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت وتووێژ بكه‌ن. هه‌ر بۆیه له كاتی كه‌م بوونی ژماره‌ی به‌شداربوواندا، ئامانج له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌ڵستكاریه‌ك وه‌جووڵه بخرێ كه ئامانجه‌كه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا پێكهێنانی دیالۆگ له‌گه‌ڵ لایه‌نی دژبه‌ره.
ئه‌خلاقی ڕێگا: له هه‌وڵێكی تووشی شكانهاتوو بۆ چوونه نێو گۆڕه‌پانی حیزبه سیاسییه‌كان له سه‌رده‌می جه‌وانیمدا بۆم ده‌ركه‌وت كه چۆن كێشمانكێشی نێوان ڕاستی و شیان نه‌ماوه و به جۆرێك سڕدراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی كه شیانی هه‌یه، له هه‌ماكاتیشدا بووه‌ته ڕاستی. له‌ڕاستیدا ڕیالیسم ڕۆڵی ئه‌خلاقی ده‌گێڕا. ده‌سته‌ڵاتی ڕیالیسم روویه‌كی ئه‌وتیۆپی هه‌یه كه ئیمڕۆ ئینسانه‌كان و بایه‌خه‌كان ده‌كاته قوربانی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ی كه سبه‌ی و له دواڕۆژدا نیازیه‌تی و ده‌یهه‌وێ پێی بگا.
له ژێر ئه‌م ناو و پرینسیپه‌دا مه‌سه‌له‌ی داماڵینی چه‌كی ناوكی خۆی حه‌شار داوه. كۆمۆنیسته‌كان له یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تیدا دیكتاتۆرییه‌كیان بۆ خۆیان قووت كرده‌وه، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كه گۆیا ئازادی وه‌ده‌ست ده‌خه‌ن. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یۆگسلاوی و عێراقی بۆمباران كرد گۆیا پێش به‌توندوتیژی ده‌گرن. لێره له ماڵه خۆمان له سوید ده‌وڵه‌ت له چاكبژی داده‌شكێنێ گۆیا به‌و نیازه‌ی چاكبژی به‌ره‌و باشی ببا.
هه‌وڵدانی دوور له توندوتیژی ڕاست به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پرینسیپه‌ی سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌خلاق و هه‌لوومه‌رجی ژیانی ئێمه لێكگرێدراون و لێك جیا نین. هارمۆنی نێوان ئه‌م په‌یوه‌ندییه له خۆیدا بێ كێشه‌و بێ پێچه‌ڵپێچی نییه. به‌ڵام هه‌رچی بێت له خۆیدا په‌یوه‌ندییه‌كه. به‌رهه‌ڵستكاری له خۆیدا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌یوه‌ندییه دوو لایه‌نه‌یه دامه‌زراوه. هه‌ربۆیه ده‌بێ له نافه‌رمانی مه‌ده‌نی وه‌ك دیالۆگی نێوان دوو بابه‌ت بڕاونین. كامه شت ڕاسته‌و كامه شت به‌پێچه‌وانه هه‌ڵه‌یه، كامه شت شیانی هه‌یه و كامه شت شیانی نییه و ناگونجێت.
كرده‌وه‌كانی ئێمه نیشانده‌ری شته شیان و گونجاوه‌كانن. كاتێك هاوكارێك هه‌ڵده‌ستێ و پێش به سووكایه‌تی پێكردنی كه‌سێك به كه‌سێكی دیكه ده‌گرێ یان ئه‌وه له به‌ڕێوه‌بردنی بڕیار‌و فه‌رمانێكی ڕۆخێنه‌ر خۆ ده‌بوێرێ ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كرده‌وه‌كانی ئه‌و هاوكاره له خۆیاندا و له‌و وه‌ختانه‌دا گونجاون و شیانی ئه‌نجام دانیان هه‌یه. ئێمه هه‌موو كاتێك ده‌توانین به بێ بیركردنه‌وه‌ی قوڵ و هه‌ر له ڕووی هه‌سته‌وه بیرێك یان دژایه‌تیكردنێك كه ناڕیالیستین و شیانی جێبه‌جێكردنیان نییه، توڕ بده‌ین. به‌ڵام له خه‌باتی به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژیدا ئامانج و ئامراز لێكگرێدراون و لێكجیا ناكرێنه‌وه. به‌شێك له ئامانج هه‌ر له میانه‌ی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵمه‌تدا وه‌دیدێت و ئه‌مه‌ش شتێك نییه كه به بێ ئه‌نجامدراوی به‌جێبهێلدرێ. لێره‌دایه كه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ شته شیان و گونجاوه‌كان پێكده‌هێنرێت. ئه‌مه وه‌ك په‌یژه‌یه‌ك وایه كه هه‌ر جارێك به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌تر زیاتر هه‌ڵده‌كشێی و هه‌نگاو به سه‌ر پلیكانی نوێتردا ده‌نێی، پاش ماوه‌یه‌ك ده‌بینی كه هه‌ڵكشان به‌سه‌ر په‌یژه‌كه‌دا هاسان بۆته‌وه.
كه‌س شك و گومانی له‌وه نییه كه ئه‌وه حكوومه‌ته كه ده‌بێ پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ركه‌وته‌ی ژاراوی بگرێ. به‌ڵام كاتێك تێكۆشه‌رانی ژینگه‌پارێز له دانمارك و ئه‌مریكا ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كه‌ن و بۆ خۆیان ده‌یانهه‌وێ پێش به ده‌ركه‌وته‌ی ژاراوی بگرن ئه‌وه بێ گومان دیتنه‌كانی هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه كه كامه شت شیانی هه‌یه و ئاكتۆرو بكه‌ره‌كان له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا كێن، ده‌گۆڕدرێ.
به‌ڵام ئێمه هه‌موو ئیمكان و شیانه‌كان تاقی ناكه‌ینه‌وه. ئێمه ڕێگا هه‌ڵده‌بژێرین. تێگه‌یشتنی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه كه كامه شت ڕاست و درووسته یارمه‌تیمان ده‌دا كه كامه په‌یژه هه‌ڵبژێرێن كه بتوانین به سه‌ریدا هه‌ڵكشێین.
فه‌رمانبه‌ری له یاسا بكه و ماڵ و سه‌رمایه وێران و تێكمه‌ده، دوو پره‌نسیپی ئه‌خلاقین له كولتووری ئێمه‌دا. كاتێك تێكۆشه‌رانی ژینگه‌پارێز به شێوه‌یه‌كی كراوه، مه‌كینه‌یه‌ك كه خه‌ریكی تێكدانی سرووشته تێكومه‌كان ده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها یاساش ئه‌و تێكدانه‌ی سرووشت ده‌پارێزێ ئه‌وه ئێمه به‌ره‌وڕووی پره‌نسیپه‌كان ده‌بینه‌وه. لێره‌دایه كه ئێمه ئه‌و ئیمكانه‌مان وه‌ده‌ست ده‌كه‌وێ كه تێگه‌یشتنه‌كانی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه كامه شت هه‌ڵه و كامه شت ڕاسته قووڵ بكه‌ینه‌وه.
په‌یژه‌ی ئه‌خلاق: نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شیانه‌كان نیشان ده‌دا، وێرای ئه‌وه هاوكات پرسی كرده‌وه‌ی چاك ده‌خاته ڕۆژه‌ڤه‌وه. ئێمه ده‌كرێ باز به‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كاندا بده‌ین و له بیریان بكه‌ین. به‌ڵام هه‌ر كاتێك ده‌چینه پێشێ و تووشی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كان ده‌بین، ده‌بینین كه په‌یژه‌یه‌ك هه‌یه. ده‌توانین له‌وانه‌ی سه‌رده‌مانێك به‌م رێگایه‌دا ڕۆیشتوون، پرسیار بكه‌ین كه ئایا ئه‌مه په‌یژه‌یه‌كی باشه و به‌ه‌رو كوێمان ده‌با. ئه‌وان ڕه‌نگه‌دوودڵ بن و له چوون به‌و ڕێگایه‌دا ئاگادارمان بكه‌نه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ پێكبهێندرێ و لایه‌نی دژبه‌ر بێده‌نگی نه‌گرێته به‌ر، گاندی ڕێگایه‌كی له كرده‌وه‌دا هه‌ڵده‌بژارد كه ده‌كرێ به په‌یژه‌یه‌كی بچوێنی. كامپانیا یان هه‌ڵمه‌تێك ده‌كرا به دیالۆگ و وتووێژ ده‌ست پێ‌بكا و ورده‌ورده بكێشرێته به‌رهه‌ڵستكاری، بایكۆت و خۆبواردن، هاوكاری نه‌كردن و مل به بڕیار نه‌دان و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی. ئه‌گه‌ر هاتبا ئه‌مانه كاریگه‌ر نه‌بوونایه ئه‌وه هه‌ڵمه‌تبه‌ر بۆ خۆی له قه‌راخ ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ستی ده‌كرد به هه‌ڵسووڕاندنی كاروبار و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی ئه‌نیستیتۆ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان واته ئه‌نیستیتۆی دیكه له قه‌راخ ئه‌نیستیتۆ ده‌وڵه‌تییه‌كان.
له ڕێپێوانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی گاندی ناسراو به "ڕێپێوانی خوێ"، كاتێك هیندییه‌كان به مه‌به‌ستی له‌ژێر پێ خستنی یاسا كۆلۆنییه‌كانی ئینگلیز بۆ خۆیان ده‌ستیان كرد به هه‌ڵێنجێنانی خوێ له ده‌ریا، ڕۆژنامه‌ڤانێك له گاندی پرسی ئه‌گه‌ر هاتوو حكوومه‌ت دژكرده‌وه‌یه‌كی له به‌رانبه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌دا نیشان نه‌دا، چ ده‌كه‌ن؟ گاندیش وه‌ڵامی دایه‌وه ئه‌وده‌م منیش ناچار ده‌بم، خه‌باته‌كه تووندتر بكه‌م. دژكرده‌وه نیشاندانی لایه‌نی دژبه‌ر له شێوه‌ی گرتن و ڕاونانی خه‌باتگێڕاندا له خۆیدا ده‌بێته به‌شێكی پێویست و جیانه‌كراوه له خه‌بات.
ئه‌مه له خۆیدا چ په‌یوه‌ندییه‌كی به لایه‌نی دژبه‌ره‌وه كه دیوی ڕاستیانه‌ی خۆی به پیشاندانی دژكرده‌وه‌كانی نیشان ده‌دا، نییه وه‌ك گرووپه ئاماڵ گریلاكانی شاره‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. به‌ڵكوو لایه‌نی دژبه‌ر به‌كرده‌وه‌كانی ته‌نیا ده‌یهه‌وێ شوێن و هه‌ڵكه‌وته‌ی خۆی به هه‌ڵمه‌تبه‌ر بسه‌لمێنێ. هه‌ر بۆیه‌شه هه‌موو كۆمه‌ڵگه به فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتیانییه‌وه له دیالۆگ و گفتوگۆوه تێوه ده‌گلێن.
دیالۆگ و گفتوگۆ هه‌ر به‌وه‌وه ڕاناوه‌ستێ و بێده‌نگ ناكرێ كه خه‌بات له قۆناخێكدا ڕاوه‌ستێ یان له بیر بكرێ. به‌ڵكوو دیالۆگ ده‌توانرێ به‌هۆی هه‌ڵه و كه‌مووكووڕییه دژبه‌یه‌كه‌كانه‌وه ڕاوه‌ستێندرێ. ته‌نیا هه‌ڵمه‌تبه‌ره‌به هێز و وریاكانن كه ده‌توانن به په‌یژه‌ی خه‌باتدا به‌هه‌نگاوی گه‌وره‌گه‌وره‌وه‌سه‌ر كه‌ون. ئه‌گه‌ر هاتوو له‌هه‌وڵه‌وه‌په‌له‌كرا، ئه‌وه شیانه‌كان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ له به‌ین ده‌چن. له هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ر ئاسته‌نگ و ته‌نگووچه‌ڵه‌مه ده‌خرێته به‌ر ئینسانه‌كان زۆر كه‌م په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه خه‌بات زووتر له وه‌ختی خۆی توندتر ده‌كرێ. به‌ڵكوو هه‌ڵمه‌ته خراپه‌كان ده‌كرێ نیشانه‌ی ئه‌وه بن كه هه‌ڵمه‌تبه‌ران به شێوه‌ی پێویست و گونجاو، هه‌وڵی پێوه‌ندی و گفتوگۆیان نه‌داوه.
ئه‌مه له هه‌مانكاتدا نابێ به‌و مانایه‌ش بێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێك له خۆیدا نه‌بووه‌ته هۆی پێكهێنانی دیالۆگ و گفتوگۆ ئه‌وه ئیتر هه‌ڵمه‌ته‌كه له بنه‌ڕه‌تدا خراپ بووه. لایه‌نی دژبه‌ر ده‌توانێ وه‌ك تاكتیك دیالۆگ و گفتوگۆكه‌ی ڕابگرێ. ئه‌مه له خۆیدا شیانی ئه‌وه فره‌تر ده‌كا، كه گرووپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه دیالۆگێكی ڕاسته‌وخۆ پێك‌بێنن. ئه‌م پێشوه‌چوونه له ڕاستیدا زۆر سرووشتییه. كاتێك لایه‌نی دژبه‌ر ده‌بینێ كه به‌هۆی ڕاگرتنی دیالۆگ و گفتوگۆوه به‌شێك له كاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ستداوه‌و له‌ڕاستیدا بۆخۆی زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌ئه‌وه شانسی ئه‌وه كه دیالۆگێكی به به‌رهه‌متر و به كه‌ڵكتر له جاری پێشووتر، جارێكی دیكه وه‌گڕ بكه‌وێ، فره‌تر ده‌بێ. هه‌ر بۆیه‌بێده‌نگی لایه‌نی دژبه‌ر له خۆیدا ده‌توانێ وه‌ك شیانێك كه دیالۆگێكی به‌هێزتر وه‌گڕ بخا، چاوی لێ بكرێ.
له ڕاستیدا ڕه‌نگه هێندێك جار ئه‌و خه‌باته نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌ی ده‌بێته هۆی سزای دوورودرێژ كه‌متر گۆنگه‌ڵ هه‌ڵخێنانه‌تر بێ هه‌تا ئه‌و شێوه خه‌باته‌ی كه ده‌بێته هۆی سزای ده‌مكورت. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه دوو هۆكاری هه‌بێ: له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا كه مه‌ترسییه‌كان بۆ هه‌ڵمه‌تبه‌ران چكۆڵه‌ترن ئه‌وه هه‌ڵمه‌تبه‌ران به شێوه‌یه‌كی به‌رفره پێشوازی لێده‌كه‌ن. له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی كه گه‌وره‌ترن و هه‌روه‌ها سزای گه‌وره‌شیان به‌دواوه‌یه، هه‌ڵسوكه‌وت و دژكرده‌وه‌ی داموده‌زگاكان له لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆرتره‌وه ده‌برێته ژێر پرسیار. بنه‌ما بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه كرده‌وه‌ی گرووپه هه‌ڵمه‌تبه‌ره‌كان وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی به‌جێ و درووستی بیر لێكراوه‌و ئه‌خلاقی چاوی لێده‌كرێ.
به بێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ من پێموابوو هه‌ڵمه‌ته یاساییه‌كان كه‌متر له هه‌ڵمه‌ته نایاساییه‌كان گۆنگه‌ڵ هه‌ڵخرێنتر بن. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو كاتێك وا نییه. من بۆ خۆم ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدیم. هه‌روه‌ها له هه‌مانكاتیشدا ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیلم. كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بێجگه له‌خۆبواردن له ئه‌نجامدانی ئه‌ركی چوونه سه‌ربازی هه‌وڵ ده‌دا له ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌ته نایاساییه‌كان خۆ ببوێرێ. بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیلیش به‌هه‌مان شێوه فره‌تر له ئامرازه یاساییه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ به‌ڵام له هه‌مانكاتدا خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌شێكی گرینگ و جیانه‌كراوه له جۆری خه‌باته‌كه‌مان پێكدێنێ.
كاتێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بووفورش Bofors كارگه‌ی چه‌كسازی سویدی له ساڵی 1996دا هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیل گفتوگۆ بكا داوای ئه‌وه‌یان كرد كه ئه‌وان نایانهه‌وێ كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی له گفتوگۆكاندا به‌شداری بكه‌ن. له به‌ر ئه‌وه‌ی من بۆ خۆم ئه‌ندامی (كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی) بووم، ئه‌م داوایه‌ی بووفورشم بۆ بوو به پرسیار و ده‌مه‌ویست بزانم بۆچی. كه‌سێك له لایه‌ن بووفورشه‌وه گوتی كه كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی جێی متمانه نین. ئه‌م شته ده‌كرێ چه‌ند خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی لێبكرێ. خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێ ئه‌وه بێ كه بزووتنه‌وه‌ی پلاگبیل له خۆیدا مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر بووفورش نییه به‌ڵام ئاشكرا كردن و له‌قاودانی چه‌كفرۆشتنه‌كانی بووفورش له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدییه‌وه بۆ خۆی مه‌ترسییه‌كه بۆ سه‌ر بووفورش. ئه‌وه‌كه بزووتنه‌وه‌ی پلاگ بیل چه‌كه درووستكراوه‌كانی بووفورش ده‌شكێنی و له‌كاریان ده‌خا ڕه‌نگه به ڕاده‌ی له‌قاودانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی بۆ ئه‌وان جێی مه‌ترسی نه‌بێ.
من پێموایه له باتی ئه‌و هۆكاره‌ی سه‌ره‌وه، خۆبواردنی بووفورش له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه كه هێندێك جار له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدییه‌وه به شێوه‌یه‌كی كراوه و فه‌رمی بووفورشیان له ڕاده‌به‌ده‌ر داوه‌ته به‌ر هێرشی توند و تاوانباركردن. ئه‌و كه‌سانه به تایبه‌تی له كاتی سكانداڵ و ئابڕووچوونی به‌رتیلدانی بووفورش له هیندوستان ده‌یانه‌ویست كه‌ڵكی سیاسی له‌و ئابڕووچوونه وه‌ربگرن.
كارگه‌یه‌كی دیكه‌ی چه‌ك هه‌مان شتی گوتووه. ئه‌و كاته‌ی كه ته‌یاره‌كی یاس (Jas یاس ته‌یاره‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ره كه له لایه‌ن شه‌ریكه‌ی سابی SAAB سویدی و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ئوروپاییه‌وه درووست ده‌كرێ) له ستۆكۆڵم كه‌وته خواره‌وه من له لینشۆپینگ Linköping له كه‌مپی داماڵینی چه‌كدا خه‌ریكی شكاندن و له‌كارخستنی چه‌ك بووم. هه‌ر ئه‌وه‌مان زانی سه‌روگوێلاكی ماسمیدیا له كه‌مپه‌كه وه‌ده‌ركه‌وت. ئه‌وان پرسیاریان كرد: ئایا ئێمه‌ده‌مانهه‌وێ له‌سه‌ر ڕووداوی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی ته‌یاره‌كه بۆچوونه‌كانی خۆمان بڵێین. پرسیاره‌که‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو: ئایا ئێستا هه‌لێكی باش نییه كه ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی كۆمه‌ڵه هه‌ڵمه‌تێك له دژی "یاس" ده‌سپێبكه‌ین له كاتێكدا پرۆژه‌ی "یاس" به گشتی به‌م ڕووداوه كه‌وتووه‌ته لێژی؟
ئێمه نه‌مانویست ئه‌مه به ده‌رفه‌ت بزانین و كه‌ڵك له ڕووداوه‌كه وه‌ربگرین. ئێمه له ڕوودانی ئه‌م تراژیدییه داخ و كه‌سه‌ری خۆمان ده‌ربڕی و ته‌نانه‌ت به نیشانه‌ی هاوده‌ردی كردن له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌وان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌تا ماوه‌یه‌ك هه‌ڵمه‌تی چه‌كداماڵینمان له كه‌مپه‌كه وه‌دوا خست.
به‌ڵام ماسمیدیا هه‌ر له‌و كاته‌دا چه‌ند كه‌سێكیان له كۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی سویدی دیته‌وه كه به شێوه‌یه‌ك سووكایه‌تی و بێ‌ڕێزیان به"ساب" و پرۆژه‌ی "یاس" كرد. من له بیرمه كاتێك گوێم له‌و قسانه بوو، هه‌ستێكی ناخۆش دایگرتم. ئه‌وه له كاتێكیشدا بوو كه من بۆ خۆم ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتوویه‌ك بوو كه له هه‌ڵمه‌ته‌كانی داماڵینی چه‌كدا له دژی "یاس" به‌شداریم ده‌كرد.
پۆلیسێك له شاری لینشۆپینگه‌وه هاته سه‌ردانمان و له لایه‌ن هاوڕێ پۆلیسه‌كانی و هه‌روه‌ها چه‌ند به‌رپرسێكی "ساب"ه‌وه په‌یامێكی بۆ هێنابووین كه بریتی بوو له ده‌سخۆشانه پێگوتنمان سه‌باره‌ت به‌وه كه ئێمه چۆن توانیومانه به‌سه‌ر ئه‌و هه‌لوومه‌رجه دژوواره‌دا زاڵ بین و هه‌ڵوێستی باش ده‌رببڕین. پۆلیسه‌كه گوتی: "ئێوه به دژكرده‌وه و چۆنییه‌تی هه‌ڵوێستگرتنتان له كاتی ئه‌و تراژیدییه‌دا توانیتان ڕێزێكی زۆری ئێمه بۆ لای خۆتان وه‌ده‌ستبێنن".
ڕه‌نگه به‌رهه‌ڵستكارێكی توندئاژۆ و ڕادیكاڵ بڵێ جا من ڕێزی كه‌سانێك كه له فابریكای چه‌كسازیدا كار ده‌كه‌ن، بۆ چییه؟ ئه‌مه ڕاسته، ئێمه بیروڕای جیاوازمان هه‌یه به‌ڵام تێپه‌ڕ بوونی كاتیش نیشان ده‌دا كه كامه‌مان له‌سه‌ر مافه.
ڕێگای ئه‌خلاق: خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌و مانایه نییه كه خۆت له سه‌ره‌وه‌ی یاسا دابنێی. ئه‌مه ڕاستییه‌كه و ئه‌گه‌ر چی یاساش له‌ژێر پێ ده‌خرێ به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه له بیر ناكرێ. به‌شداربووانی هه‌ڵمه‌ت له‌ژێر به‌رپرسایه‌تی كرده‌وه‌كانیان هه‌ڵنایه‌ن. هه‌ربۆیه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی كرده‌وه‌یه‌كی سیاسییه كه له به‌رانبه‌ر یاسادا ڕاده‌وه‌ستێ و داوای مافێكی زێده‌تر ده‌كا. كه داوای بایه‌خی به‌رزترت له یاسا كرد، به‌و مانایه نییه كه هه‌میشه ڕاستییه‌كان ته‌نیا له لای تۆیه. به‌ڵكوو ئه‌مه له خۆیدا ته‌نیا بنه‌مایه‌كه بۆ پێكهێنانی دیالۆگ و گفتوگۆ. هیواش ئه‌وه‌یه كه ورده‌ورده دیالۆگ و وتووێژ بكێشرێته ڕێكه‌وتن. ئه‌مه زۆر جار له مێژوودا ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی سه‌ركه‌وتنی وه‌ده‌ستهێناوه وه‌ك نموونه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی مافی مانگرتن و ئازادی مه‌زهه‌بی.
هێندێك جار پێویسته خۆت له سه‌روه‌ی یاسا دابنێی. به‌ڵام له‌و كاته‌دا ئیتر نافه‌رمانی مه‌ده‌نی وه‌ك شێوه‌ی خه‌بات هه‌ڵنه‌بژێردراوه به‌ڵكوو شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی خه‌بات كه له‌گه‌ڵ هه‌لوومه‌رجدا باشتر گونجاوه، هه‌ڵبژێردراوه. نموونه‌یه‌ك له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا شاردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رێكه كه مه‌ترسی ڕاونان، گرتن و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی خراوه‌ته به‌ر. لێره‌دا ده‌بینرێ كه هه‌موو كاتێك ناتوانرێ له شێوه‌ی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی كه‌ڵك وه‌رگیردرێ. حه‌شاردانی په‌نابه‌رێك به‌ر له هه‌موو شتێك كارێكی ئینسانییه. ئاكامه سیاسییه‌كانی ئه‌م كاره كاتێك ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌و گرووپانه‌ی په‌نابه‌ر ده‌شارنه‌وه پێش له هه‌موو شتێك شیانی ئه‌وه‌یان هه‌بێ كه به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌و ئاشكرا باسی كاره‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن. هه‌ربۆیه له هه‌لوومه‌رجێكی ئاوادا هه‌تا كاتێك ئه‌و گرووپانه‌ی په‌نابه‌ر حه‌شار ده‌ده‌ن به‌كراوه‌یی باسی كاره‌كانی خۆیان نه‌كه‌ن، ناتوانرێ جۆری خه‌باته‌كه‌یان ناوی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی لێ بنرێ.
ئه‌گه‌ر چی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی خۆی له سه‌ره‌وه‌ی یاسا دانانێ به شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌س مافی له ژێر پێنانی یاساش به خه‌باتگێڕانی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی نادا. ته‌نانه‌ت هۆكاری زۆر هه‌یه‌بۆ ئه‌وه بگوترێ خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له خۆیدا هه‌ڵه‌یه. یاسا له خۆیدا وه‌ك به‌رهه‌می بیر و هزرێكی زۆر و هێندێك جار وه‌ك ئاكامی دیالۆگ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا چاوی لێده‌كرێ. ئه‌گه‌ر یاسا وه‌ك گوترا به‌رهه‌می بیروهزرێكی فراوانی مرۆڤ بێ كه وایه له‌ژێر پێنانی ناتوانێ هه‌روا سووك و ئاسان بێت.
كه‌وایه ئه‌و شته چیه، ئه‌و مافه به ئێمه ده‌دا یاسا له ژێر پێ بخه‌ین؟
ئه‌گه‌ر بڵێین مافی تاكه و تاك بۆی هه‌یه به دوای ویژ‌دانیدا بڕاو ئه‌و شته‌ی ویژدانی لێی ڕازییه، بیكا ئه‌وه ئه‌مه له‌خۆیدا جێی گرفته ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه مه‌به‌ست له خودی چه‌مكی ویژدان چیه. ئه‌گه‌ر هاتوو ویژدان وه‌ك باوه‌ڕی شه‌خسیی تاك ببینین ئه‌وه ده‌توانرێ ئه‌مه بكرێته پاڵپشت بۆ هه‌موو چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌ك.
هێنڕی ده‌یڤید تۆرێئۆ پێیوایه مافێك هه‌یه كه له‌سه‌ره‌وه‌ی یاسایه‌و هه‌موو كرده‌وه‌كانی مرۆڤیش كه له بنچی ئه‌و مافه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ له بنه‌ڕه‌تدا شۆڕشگێرانه‌ن. هه‌ر مرۆڤێك له به‌رانبه‌ر مرۆڤه‌كانی دیكه‌دا مافێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه كه ئه‌و مافه، مافی ئینسان له به‌رانبه‌ر ئینسان دایه. هه‌ربۆیه ئێمه ئه‌و مافه‌مان نییه كه ئه‌و مافه له ئینسانێكی دیكه زه‌وت بكه‌ین. تۆرێئۆ له كتێبی واڵدین Waldenدا بێجگه له‌وه، ته‌نانه‌ت باسی مافی سرووشت و مافی ئاژه‌ڵیش ده‌كا.
تۆرێئۆ وه‌ك بنه‌ما شیانی ئه‌نجامدانی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له تێگه‌یشتنی ئێمه‌دا ده‌به‌ستێته‌وه به‌و شته‌ی كه له ڕاستیدا ڕاسترین شته. ئاكام لای تۆرێئۆ ئه‌وه‌یه كه ویژدان سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕی شه‌خسی مرۆڤه‌كانه. ئه‌مه ده‌كرێ وه‌ك تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه كه چی ڕاست و چی هه‌ڵه‌یه [لای تۆرێئۆ] بخوێندرێته‌وه. ته‌نانه‌ت تۆرێئۆ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو كه ئه‌نجامدانی ئه‌و شته‌ی كه مرۆڤ پێیوایه ڕاسته وه‌ك ئه‌رك ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی مرۆڤ. من ده‌مهه‌وێ له سه‌ر ئه‌م ڕسته‌یه‌ی دوایی ڕابوه‌ستم. ده‌زانین مافێكی گشتی كه ئه‌و مافه‌ی به‌ئێمه‌دابێت، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بكه‌ین، به ئێمه نه‌دراوه. بۆیه هێندێك جار وه‌ك ئه‌رك ده‌كه‌وێته سه‌ر شانمان كه نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بكه‌ین. چه‌وسانه‌وه و توندوتیژی دوو شتن كه ده‌بێ ڕاگیرێن. ته‌نانه‌ت مه‌ترسی بۆ سه‌ر دیمۆكراسی یان مافی مرۆڤ به‌رپرسایه‌تییه‌كی ئه‌خلاقی ده‌خاته سه‌ر شانی ئێمه كه بێده‌نگ نه‌بین و به‌رهه‌ڵستكاری بكه‌ین.
له ئوگوستی ساڵی 1998 گه‌وره‌قه‌شه‌کانی (ئوسقۆف) سوید باسی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییان كرد. ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتن كه ده‌كرێ هێندێك جار نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شێوه‌یه‌كی گونجاوی خه‌بات بێت. " به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ناكرێ له‌خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی پشتیوانی بێ ئه‌م لاوئه‌ولا بكرێ به‌ڵكوو ده‌بێ به‌ستراوه به پێی هه‌لوومه‌رجی جیاواز و شوێن هه‌تا شوێن هه‌ڵسه‌نگێندرێ.
ژماره‌یه‌ك تێكۆشه‌ری سویدی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌موو كاتێك ڕاسته‌و له‌جێی خۆیدایه. من ئه‌مه ناو ده‌نێم شێوه‌خواز "مێتۆدیسم". ئه‌وانه‌ی كه له‌و بڕوایه‌دان كه نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌موو كاتێك درووسته، شێوه (مێتۆد) له سه‌ره‌وه‌ی ئاوات، خواست و پێویستییه‌كانی ئینسان داده‌نێن.
نافه‌رمانی مه‌ده‌نی هه‌ر به‌ڕاده‌ی كه‌می فه‌رمانبه‌ری ده‌توانێ له‌خۆیدا درووست بێت. ڕاست هه‌ر وه‌ك هه‌موو چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی ئینسانی ده‌بێ نافه‌رمانی مه‌ده‌نیش له مه‌رجه ئه‌خلاقییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێ و له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندرێ. ئایا كه‌سێك به‌هۆی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ یان نا؟
ئه‌خلاق شتێك نییه كه ئینسان به ته‌نیا و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه پێی بگا. ئه‌خلاق په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵی ئینسانه‌كان و پێویستی ئه‌وانه‌وه هه‌یه. له فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌خلاق په‌یوه‌ندی به بیر، لێكۆڵینه‌وه‌و لۆژیكه‌وه هه‌یه هه‌تا ئه‌وه كه په‌یوه‌ندی به ئینسانه‌كان و شه‌رت و مه‌رجی ئه‌وان له به‌رانبه‌ری یه‌كتریدا هه‌بێ. به‌ڵام ئێمه به‌رپرسایه‌تی ئه‌خلاقیمان له‌به‌رانبه‌ر بیر و لۆژیكدا نییه به‌ڵكوو به‌رپرسایه‌تیمان وه‌ك ئینسان له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتریدا هه‌یه.
بۆ كه‌سانێكی دیكه ئه‌خلاق په‌یوه‌ندی به ڕووانین، مه‌به‌ست و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندی به خودی خۆیانه‌وه هه‌یه، هه‌یه. به‌ڵام ئه‌خلاق به‌ر له هه‌موو شتێك په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئێمه چۆن له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه ده‌كه‌ین.
ده‌راوسێیه‌كی من له شه‌ڕه‌كانی سێربستاندا به‌شداری كردبوو. له شه‌ڕه‌كاندا بۆی ده‌ركه‌وتبوو كه لایه‌نی دژبه‌ری شه‌ڕكه‌ر له شه‌ڕه‌كاندا چه‌كی "بووفورش"ی سویدی به‌كار هێناوه. من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌وانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته به‌ر ته‌قه‌ی چه‌كی سویدی هزرو چۆنییه‌تی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌یان به‌لاوه گرینگ بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه كه بۆچی ئێمه پاسیڤ و بێده‌نگین له‌كاتێكدا چه‌كه‌كان، فابریكاكانمان به‌جێ دێڵن و به‌ره‌و به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌نێردرێن. ئێمه باش ده‌زانین كه ئه‌و چه‌كانه به‌كار ده‌برێن. كه كارئاسانی بۆ ده‌ربڕینی ده‌ژكرده‌وه بكرێ له خۆیدا كرده‌وه‌یه. لێره‌دا ئه‌خلاق له ئێمه ده‌خوازێ و ئه‌ركی ئینسانی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی ئێمه كه جیاواز له‌وه ئایا كرده‌وه‌كانمان یاساین، نایاساین یان پاسیڤ و بێده‌نگن، هه‌ڵوێست وه‌ربگرین.
گاندی ده‌یگووت ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت بێ ئه‌ملاوئه‌ولاشه (موتڵه‌قه). به‌ڵام ئه‌وه‌شی گوتووه كه تێگه‌یشتنی ئێمه له ڕاستی گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. كه‌س ناتوانێ تێگه‌یشتنی موتڵه‌قی له سه‌ر ڕاستی هه‌بێ. ویژدان له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌لوومه‌رجه مێژووییه‌كان و ئه‌زموونه كه‌سییه‌كانی مرۆڤه‌وه دیاری ده‌كرێ. هه‌ربۆیه نافه‌رمانی مه‌ده‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌م ئه‌خلاقه به‌هۆی دیالۆگ و وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی دژبه‌ر و تێگه‌یشتنه‌كه‌ی دواتر له ماوه‌ی مه‌حكه‌مه كردنێكدا پاش ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ده‌خرێته بواری تاقیكردنه‌وه.
هه‌تا كاتێك به‌رهه‌ڵستكاری له شێوه‌یه‌كی كراوه و فه‌رمیدا به‌ڕێوه ده‌چێ ئه‌وه خه‌ڵكی دیكه هان ده‌درێ كه له دیالۆگ و گفتوگۆدا به‌شداری بكه‌ن. كراوه‌یی بنه‌مایه بۆ دیالۆگ و ڕێكه‌وتن. هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌وه بنه‌ماشه بۆ ئه‌وه لایه‌نی دژبه‌ر بتوانێ له كرده‌وه‌كانی من ڕه‌خنه‌ی خۆی بگرێ. كراوه‌یی من ناچار ده‌كا كه به‌رگری له كرده‌وه‌كانم بكه‌م. شیانی ئه‌وه كه ڕه‌خنه‌ت لێ بگیردرێ له خۆیدا ده‌بێته هۆی درووستبوونی دیوارێكی قایم له دژی ئه‌خلاقێكی داخراوی سێكتاریستی. هه‌موو گرووپێكی به‌رهه‌ڵستكار ده‌بێ كراوه‌و ئاوڵا بێ كه هه‌ڵه ده‌كا و ده‌بێ پێ له هه‌ڵه‌كانی خۆشی بنێ.
كاریگه‌ری نافه‌رمانی مه‌ده‌نی وه‌ك هاندانێكی ئه‌خلاقی نه ته‌نیا له‌سه‌ر دۆست و هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ران به‌ڵكوو له‌سه‌ر خه‌ڵكی دیكه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. ئه‌مه واده‌كا كه نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌ی كه ڕه‌چاوی ئه‌خلاقی تێدا ناكرێ، یان به واتایه‌كی دیكه له ڕوانگه‌ی گشتییه‌وه نادرووستن، نه‌گونجێ.
به‌ڵام دیسان هه‌ڵده‌كه‌وێ و ده‌كرێ ئاماژه به خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی خراپیش بكرێ. كاتێك گرووپێكی به‌رهه‌ڵستكار به‌هۆی كرده‌وه‌كانیانه‌وه شیان و ده‌رگای دیالۆگ له‌گه‌ڵ لایه‌نی دژبه‌ر داده‌خه‌ن ئه‌وه ئه‌وان به‌م كرده‌وه‌یه‌یان زیاتر ده‌سته‌ڵاتی دژبه‌ر ده‌سه‌لمێنن. به داخستنی ده‌رگای دیالۆگ شیانی هاووڵاتیان بۆ تێگه‌یشتن له كێشه‌كه‌و بۆ ئه‌وه ئه‌وانیش بۆچوونه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كان ده‌رببڕن له كه‌می ده‌دا و ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا ده‌بێته هۆی پشتگیری زیاتر له لایه‌نی دژبه‌ر.
لێره‌دا ئێمه بازنه‌یه‌ك ده‌بینین. له‌م بازنه‌یه‌دا، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به ده‌وری هه‌مان ئه‌خلاق، هه‌مان شێواز و مێتود و هه‌مان ئامانج و ئامراز خول ده‌خواته‌وه. ڕاسته هێندێك جار ناكۆكی و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌كه‌وێته نێو بازنه‌كه، به‌ڵام پێكهاته‌ی نێو بازنه‌كه قه‌د له یه‌ك دانبڕدرێن و له‌یه‌ك جوێ نابنه‌وه.
دیمۆكراسی وه‌ك بنه‌ما: خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌زۆری له ترادیسیۆنی لیبراڵییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و پێشكه‌وتووه. هاووڵاتیان هه‌میشه له‌گه‌ڵ كێشه‌ی دیله‌مای وڵاته مۆدێڕن و دیمۆكراته‌كاندا به‌ره‌وڕوو بوون. له‌م نێوه‌دا هه‌وڵ دراوه به هۆی ئامرازه دیمۆكراتیكه‌كان، كه‌مایه‌تییه‌كان بپارێزرێن و ئیده‌ئالی به‌رزی ئه‌وان كه‌متر له لایه‌ن زۆرایه‌تییه‌وه پێشێل بكرێ.
دیمۆكراسییه ڕۆژئاواییه‌كه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ دوو دیله‌مای بنچینه‌یی به‌ره‌وڕوویه: یه‌كه‌م؛ هه‌ژاره‌كان، بێ خانووبه‌ره‌كان، بێكاره‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌گشتی له‌ژێر ته‌وژمدان له جیهانی ڕۆژئاوادا له كه‌مایه‌تیدان. هه‌ر له به‌ر ئه‌م له كه‌مایه‌تی بوونه‌شیاندا ناتوانن له ڕێگای ده‌نگدانه‌وه بگه‌نه مافه‌كانی خۆیان. دووه‌م؛ كرده‌وه‌كانی ئێمه كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه داده‌نێ كه له ڕاستیدا ئه‌وانیش مافی ده‌نگدانیان نییه. ئه‌وانه‌ی كه له به‌ر بوونی نه‌زمی نایه‌كسانی جیهانی له برسان ده‌مرن یان ئه‌وانه‌ی به‌هۆی چه‌كه‌كانی ئێمه‌وه ده‌كوژرێن، هیچ مافێكی هه‌ڵبژاردنیان نییه كه بتوانن شوێن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه دابنێن كه په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه هه‌یه. ئه‌وان دوور و جیاواز له ئێمه له‌و به‌ری سه‌رتۆپی زه‌وی ده‌ژین.
ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وانه له بیر بكه‌ین كه كرده‌وه‌كانی ئێمه كاریگه‌ری له‌سه‌ریان داده‌نێ ئه‌وه دیمۆكراسیمان به‌ده‌ستی خۆمان له‌چاڵ ناوه. ئێمه له سیسته‌مێكی گلۆبالدا ده‌ژین كه ئینسانه‌كان له یه‌كتری جوێ كراونه‌ته‌وه. ده‌كرێ ئه‌مه ناو بنێین ئاپارتایتی گلۆبال. ئاپارتاید له زمانی ئه‌فریقایی، ئه‌فریقای باشووره‌وه له سه‌ر بنچینه‌ی وشه‌ی ئاپارت apart یانێ به‌جیا و دوور له یه‌كتری ژیانكردن، سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئێمه‌ی سویدی ده‌توانین بۆ كوێی جیهانی سێهه‌م پێمانخۆش بێت سه‌فه‌ر بكه‌ین. به‌ڵام هه‌ژاره‌كانی جیهانی سێهه‌م بۆیان نییه پێ بنێنه نێو وڵاته‌كه‌ی ئێمه. له ئوروپادا ته‌نانه‌ت گومریكی به‌رگری له دژی شتوومه‌كه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیه‌تی ئوروپا داندراوه. جیهانی سێهه‌م بۆی نییه بێ و به هۆی شتوومه‌كه هه‌رزانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێمه پێشبڕكێ بكا. ئه‌مه ته‌نیا دوو نموونه‌ی چكۆڵه بوو بۆ ئه‌وه نیشان بدرێ كه چۆن ناسیۆنالیزم و سیسته‌مه ئابوورییه‌كان، دیمۆكراسی چاڵ ده‌كه‌ن.
ته‌نیا له دیمۆكراسییه‌كانی ڕۆژئاوادا له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی كه‌ڵك وه‌رناگیردرێ. خه‌ڵك له سیسته‌مه دیكتاتۆرییه‌كانی جیهانی سێهه‌م و حكوومه سۆسیالیستییه تاك حیزبییه‌كانیشدا به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌و فه‌رمی و دوور له توندوتیژی یاساكان له‌ژێر پێ ده‌خه‌ن. سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی زۆر واوێده‌چێ زیاتر له وڵاته دیكتاتۆرییه‌كان هه‌تا دیمۆكراتیكه‌كان له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی كه‌ڵك وه‌ربگیردرێ. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌كرێ هێندێك نموونه‌ی وه‌ك دیمۆكراتیزه‌كردنی وڵاتانی ئوروگوای، شیلی، ئارژانتین و سه‌ركه‌وتنه‌كانی بیرجیاكانی ئوروپای ڕۆژهه‌ڵات له سه‌رده‌می دیكتاتۆری سۆڤیه‌تیدا له ڕێگای خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌وه ناو به‌رین.
دینامیكی شێوازی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له‌خۆیدا له دیمۆكراسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و هه‌ر ئه‌ویش به‌بنه‌ما ده‌گرێ بۆ پێكهێنانی دیالۆگ و گفتوگۆ. مه‌حكه‌مه لانیكه‌م زه‌مانه‌تی ئه‌وه ده‌كا كه شیانێك بۆ دیالۆگ وه‌دیبێت. كه‌سێك ده‌ڵێ كرده‌وه‌كان ڕاستن و له جێی خۆیان دان، كه‌سێكی دیكه به‌پێچه‌وانه كرده‌وه‌كانی پێ هه‌ڵه‌یه. هه‌ر پێكهێنانی ئه‌م دیالۆگه‌شه كه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی له شێوه‌كانی دیكه‌ی خه‌بات وه‌ك بایكۆت، مانگرتن و هه‌ڵمه‌تی ڕاسته‌وخۆ جوێ ده‌كاته‌وه. ئه‌م شێوازانه له‌خۆیاندا زیاتر وه‌ك ئامرازی ته‌وژم خستنه‌سه‌ر چاویان لێده‌كرێ. به‌پێچه‌وانه لایه‌ن و ڕووی ئه‌خلاقی له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نیدا وه‌ك بنه‌ما بۆ دیالۆگ، نایهه‌وێ دژبه‌ره‌كه‌ی به‌زۆر و له‌ژێر ته‌وژمدا بۆ دیالۆگ ڕاپێچ بكا.
ئه‌لێكساندر پێچزنیك Aleksander Peczenik پرۆفیسۆر له مافناسی گشتی له‌زانكۆی لوند [سوید] به‌رهه‌مێكی پڕبایه‌خی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ماف نووسیووه كه پێویسته خوێندكاره‌کانی مافی ده‌وره‌ی پارێزه‌ری و دادوه‌ری وه‌ك ده‌رس بیخوێننه‌وه. له‌م كتێبه‌دا هاتووه كه خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی به‌شێكه له ده‌وڵه‌تی ماف و یاسا. یاسا كه‌موكووڕی هه‌یه. هه‌ربۆیه قازییه‌ك ناچاره له ڕووی عه‌قڵانییه‌وه پشتیوانی له حوكمێك بكا. هۆكاره قه‌زاییه‌كان بۆ دانی حوكمێك ته‌واو نین هه‌ربۆیه پێویسته بایه‌خه ئه‌خلاقییه‌كانیش له به‌رچاو بگیردرێن. له مافپه‌روه‌ری، پاراستنی یاسا و هه‌م خوێندنه‌وه‌شیان پێویسته لانیكه‌می نۆرمه ئه‌خلاقییه‌كان ڕه‌چاو بكرێن.
هه‌روه‌ها پێچزنیك ئاماژه به‌وه ده‌كا كه ماف له‌خۆیدا كاركردێكی ئه‌خلاقی یان ئه‌خلاق درووستكه‌رانه‌ی هه‌یه. به‌هه‌مان شێوه كه سزای تاوان كه‌متر ده‌بێته‌وه، هاوكات مه‌رجه‌كانی یاسای مافیش زۆرتر ده‌بن. من وای بۆده‌چم ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاست بێت ئه‌وه له‌خۆیدا به‌و مانایه‌ش ده‌بێ كه دینامیكێكی وا له كاركردی یاسای ئه‌خلاق درووستكه‌رانه‌دا هه‌یه كه له خۆیدا ده‌بێته هۆی په‌ره‌گرتنی زیاتری نافه‌رمانی مه‌ده‌نی. ئه‌گه‌ر هاتوو خه‌ڵك وشیاریان له‌سه‌ر ویژدان و ئه‌خلاقی خۆیان فره‌تر بوو و كه‌متر خۆیان به‌خۆبوواردن خه‌ریك كرد، ئه‌وه كه‌موكووڕیه‌كانی یاساش زیاتر هه‌ست پێده‌كه‌ن. نافه‌رمانی مه‌ده‌نییه‌كی ئه‌خلاقی به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مافه‌كان زیاتر بچه‌سپێن و ورده‌و‌رده‌و له داهاتووی دووریشدا فه‌رمانبه‌ری له یاسا په‌ره بگرێ.
هۆكار زۆرن بۆ ئه‌وه كه هاوڵاتیان له ژیانی ئاسایی خۆیاندا فه‌رمانبه‌ری له یاسا بكه‌ن. "به‌ڵام له باشترین ده‌وڵه‌تی یاسایی جیهانیشدا هاووڵاتیان له‌باری ئه‌خلاقییه‌وه له‌سه‌ر شانیان نییه كه فه‌رمانبه‌ری له هه‌موو جۆره یاسایه‌ك بكه‌ن. یاساكان به‌هۆی ئینسانه‌كانه‌وه داندراون و هه‌ربۆیه ڕه‌نگه هێندێكیان هه‌ڵه بن. كامه سیسته‌می مافه، نه‌یانتوانیووه خۆی له ڕه‌خنه‌گرتن بێ به‌ری بكا. "
پێچزنیك له نێوان جۆره‌كانی نافه‌رمانیدا جیاوازی داده‌نێ. "نافه‌رمانی بێده‌نگ"، ده‌كرێ هه‌مان شت بێ كه من ناوم ناوه "تاوانی یاسایی نهێنی". پێچزنیك لێره‌دا كێشه‌یه‌كی ئه‌خلاقی ده‌بینێ. " تاكێك به ته‌نیا ده‌توانێ خراپ له هۆكاری ئه‌خلاقی به‌رهه‌ڵستكاریكردن تێ‌بگا. ته‌نیا له هه‌لوومه‌رجێكدا كه دژكرده‌وه‌كه‌ی كراوه‌و فه‌رمی ببێت ئه‌و شیانه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێ كه زانیاری جێی متمانه له خه‌ڵكه‌وه وه‌ده‌ستبێبێ كه خه‌ڵك چلۆن كرده‌وه نافه‌رمانییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن". | |